موکریان ـــ ٥ هاووڵاتیی سەقزی بە زیندان مەحکووم کران. به گوێرەی راپۆرتی گەیشتوو بە هەواڵنێری موکریان لە شاری سەقز، ٥ هاووڵاتیی خەڵکی سەقز به ناوەکانی "ڕەحمان ڕەحیمپوور، هیوا ئەمینی، ئارمیا ڕەنجبەری، وریا ئەمینی و عەلی قادری" بە تۆمەتی " پڕۆپاگەندە دژ بە دەسەڵاتی ئێران و بێ رێزی بە رێبەری کۆماری ئیسلامی لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سەقز به زیندان مەحکووم کران. بەپێی ئەو سزایە "ڕەحمان ڕەحیمپوور، هیوا ئەمینی، ئارمیا ڕەنجبەری" هەر کامیان بە ١٠ مانگ زیندان و "عەلی قادری بە ٧ مانگ و وریا ئەمینی به ٨ مانگ زیندان" مەحکووم کراون. هەروەها ئارمیا ڕەنجبەری بە تۆمەتی "بێڕێزی بە ڕێبەری" بە ١٣ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراوە. جێی وەبیرهێنانەوەیە ڕۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٥ی گەلاوێژی ئەمساڵ، عەلی قادری، ئارمیا ڕەنجبەری، هیوا و وریا ئەمینی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە ڕاگوێزران. هەروەها ڕۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٢ی گەلاوێژ، ڕەحمان ڕەحیمپوور لە پارکی لالەی سەقز، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.