موکریان-له درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکرانەکاندا، چوار هاووڵاتی شاری شنۆیە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کران بە گوێرەی هەواڵی گێشتوو به موکریان، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ١١ی ڕێبەندانی ١٣٩٩ی هەتاوی چوار هاووڵاتی بە ناوەکانی: شۆرش بەرهەم و جەمال قاسمی دانیشتوی شاری شنۆیه، غەفور ئەسپەندار دانیشتوی گوندی عەلی ئاباد و سەید لوقمان تاهیری خەڵکی گوندی پیرۆت ئابادی ئەو شارە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەوە بۆ بنکەی دەستگیرکراوەکان. هەر بەپێی هەمان ڕاپۆرت، هێزە ئەمنییەکان دوای دەستگیرکردنی ئەو هاووڵاتیانه ماڵەکانیانی پشکنیوە. موکریان هەتا ئێستا لە هۆکار یان هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و تۆمەتە پاڵخراوەکانیان ئاگادار نەبۆتەوە. جێگای ئاماژەیە، کە لە مانگی ڕابردوودا دەیان هاوڵاتی کورد لە پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان و ئیلام دەستبەسەر کراون.