موکریان ـ دوسیەی نۆ کەس لە چالاکانی سێنفی مامۆستایان لە شاری سەقز بە دادگای ئەو شارە درا.
بە گوێرەی راپۆرتی گەیشتوو بە هەواڵنێری موکریان لە سەقز، هاوکات لەگەڵ هاتنی رۆژی مامۆستای قوتابخانە و لە درێژەی بانگهێشتەکانی چالاکانی سێنفی مامۆستایان لە شاری سەقز بۆ ناوەندە ئەمنییەکان، دۆسیەی ۹ کەس لەو چالاکە سێنفیانە بۆ دادگا رەوانە کرا.
هەر بە پێی ئەم هەواڵە شوناسی ئەو نۆ کەسە خاتوو ئاوات ڕەزەوی، لەیلا عنایەتزادە، ئەحمەد قادری، تاییر قادرزادە، تاییر حامدی، عەزیز مەرزی، خالید عەبدوڵڵاهی، ئامانج ئەمینی و سلێمان عەبدی راگەیێندراوە.
جێی وەبیرهێنانەوە رۆژی شەممەش رێکەوتی ١٠ بانەمەڕ، سەلاح سورخی، لە ئەندامانی ئەنجومەنی سێفی مامۆستایانی قوتابخانە لە کوردستان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم راپۆرتە چارەنووسی ناڕوونە.